وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ: ئایا ئێمە هاووڵاتی عیراقین؟

11 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان وەڵامی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دایەوە سەبارەت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چەندین بەڵگەنامەی راكێشانی پارەی هاتو لە بەغداوە لە لقی ئەربیلی بانكی ناوەندی عیراقی بڵاوكردوەتەوە بە پرسیارێك دەستپێكردوەو رایگەیاندوە، ئایا ئێمە هاووڵاتی عیراقین؟.
پاشان وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات دادپەروەر نەبوەو پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ ئاستەنگ نەبوە.
راشیگەیاندوە، بەپێی بەڵگەنامەكانی راكێشانی پارە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی بڕی زیاتر لە 10 ترلیۆن و 26 ملیارو 883 ملیۆن دینار نێردراوە ئەویش دوای لێبڕینی بڕی زیاتر لە 726 ملیارو 995 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینی و باجی دەرامەت كە بەپێی خشتەی (ه)ی بودجەی گشتی بڕی پارەی تەرخانكراوە بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بوە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار بەو پێیەش بڕی زیاتر لە 822 ملیارو 642 ملیۆن دینار كەمتر بوە لە بڕی پارەی تەرخانكراو.
وەزارەتی دارایی عیراق لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، دارایی فیدراڵ لێبڕینی خانەنشینی بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتو جێبەجێكردوە، بەڵام زیادەی موچەكانیان خەرج ناكات كە دادگای فیدراڵی هەردو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەغدای پابەندكردوە بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، هەروەها هەرێمی كوردستان پابەند بوە بەناردنی داهاتی زیادەی نانەوتی كە مانگانە نزیكەی 55 ملیار دینار زیاد بوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، ئەوەی دارایی فیدراڵ بانگەشەی بۆ دەكات بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی مانگانە راست نییە، بەڵكو بە چەندین بەش ناردویەتی مانگ هەبوە گەیشتوەتە 8 بەش بە بەرواری جیاوازو هەندێكجار كەوتوەتە مانگی دواتر.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group