نەوا-
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی دەڵێت، بەشێكی گەنجان دەچنە شارەكانی عێراق و بە پارەی زیاتر ڤیزەی ئەو وڵاتە دەكڕن.
عەتا ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، هەندێك لە گەنجان كە تەمەنیان لە 18 بۆ 22 ساڵە و ڤیزەی توركیایان پێ نادرێت، پەنا دەبەنە بەر ئەو شارانەی ڤیزەی تێدا دەفرۆشرێت، بۆ نموونە موسڵ و بەغدا، لەوێش نرخی ڤیزەیەك گەیشتووەتە سێ هەزار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشدا، قورسكردنی پێدانی ڤیزە بە گەنجان یان نەدانی پێیان، تەنیا بۆ سنووری سلێمانی نییە بۆ "هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانە".
وتیشی، هۆكارەكە ئەوەیە توركیا رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا هەیە بۆ ئەوەی هاوكاریان بێت لە كەمكردنەوەی كۆچی نایاسایی، ئەو گەنجانەشی لە نێوان 18 بۆ 22 ساڵدان ئەوانەن كە توركیا بەكاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتی سێیەم، كە وڵاتانی ئەورووپایە.
ئەمە لە كاتێكدایە، پێدانی ڤیزەی توركیا بەشێوەی یاسایی لە باڵیۆزخانە و كۆنسووڵخانەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تێچووەكەی لە نێوان 145 دۆلار بۆ 185 دۆلارە.
هەروەها، بۆ وەرگرتنی ڤیزەی توركیا، هاوشێوەی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتانی شنگن (یەكێتی ئەورووپا) هەركەس داواكاری پێشكێش بكات، دەبێت پشتگیری كار و بڕی مووچە و پاسپۆرت و بەڵگەنامە عێراقییەكانی پێ بێت.