زیاتر لە 190 خێزانی داعش لەكەمپی هۆلەوە گەڕێنرانەوە بۆ عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
زیاتر لە 190 خێزانی داعش لەكەمپی هۆلی سوریاوە گەڕانەوە بۆ عیراق و دەسەڵاتدارانی ئەمنی عیراقیش لە كەمپی جدعا لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێیان كردن. 
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە الجبال-ی راگەیاندوە، زیاتر لە 190 خێزانی داعش لە كەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە ناو خاكی عیراق و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە كەمپی جدعا لە باشوری نەینەوا نیشتەجێی كردون، گەڕاندنەوەشیان دوای پشكنین و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی تۆكمە بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بوە.
راشگەیەنراوە، ژمارەی ئەو خێزانانە پێكهاتون لە 710 كەس كە زۆربەیان ژن و منداڵن گواستراونەتەوە ناو كەمپەكە، كەمپی جدعا یەكێك نیە لەو كەمپانەی دادەخرێت بەڵكو بۆ ئامادەكردنەوەی خێزانەكانی داعش دروستكراوە تاكو تێكەڵاوی كۆمەڵگەی عیراقیی بكرێنەوە دوای دڵنیابونەوە لەوەی دەستبەرداری بیرۆكەی توندڕەوی بون. 
ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی: هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیكردن لە چاكسازی لەكەمپەكەدا هەیە، پێشبینی دەكرێت لە قۆناغەكانی داهاتودا خێزانی زیاتر لەكەمپی هۆلەوە بگوازرێنەوە بۆ جدعا. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group