نەوا-
بەپێی ئەنجامی بەدواداچونێت دەركەوتوە كە ژمارەی كوژراوان لەكەرتی غەزە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاترە لەو ئامارە فەرمیانەی كە تائێستا بڵاوكراونەتەوە.
بەدواداچونەكە لە گۆڤاری پزیشكی لانسێتدا بڵاوكراوەتەوەو تیایدا رونیكردۆتەوە، مەزەندە دەكرێت كە ژمارەی كوژراوان لە غەزە لەماوەی 9 مانگی یەكەمی شەڕی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس نزیكەی %40 زیاتر بێت لەو ژمارانەی كە وەزارەتی تەندروستی فەلەستین تۆماری كردوە، پێشبینی ئەوە كراوە ژمارەی مردن تا كۆتایی مانگی حوزەیران 64 هەزارو 260 كەس بوبێت و زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵ و كەسانی سەرو 65 ساڵ بوبن.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، شیكاری ئاماری بەدواداچونەكە لەلایەن ئەكادیمیستە پزیشكییەكانی لەندەنەوە ئەنجامدراوە بە بەكارهێنانی شێوازێكی ئاماریی بۆ خەمڵاندنی ژمارەی قوربانییەكان لە كەرتی غەزە.