نەوا-
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، سنوری عێراق و سوریا بە تەواوی لە ڕێگەی جێگیركردنی یەكە سەربازییەكانەوە پارێزراون .
قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، سنوری عێراق و سوریا بە قەڵاكانی وەك بلۆكی كۆنكرێت و تەلی دڕكاوی پارێزراوە، جگە لە دانانی كامێرا و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەكە ئاساییە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی پێویست وەك بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكان لە ڕوی چەندایەتی و كوالیتییەوە گونجاون، هەروەها، ئاستی ئاسایشیش لەسەر سنوری عێراق و سوریا لە ئێستادا باشترینە لە مێژودا.
باسی لەوەشكرد، عێراق خۆپارێزی باشی گرتەبەر لە بەرامبەر ئەزمونێكی تاڵ كە لە ساڵی 2014 ڕویدا، بۆیە زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر قەڵاكانی بەهێزتر كرد، بە دانانی كامێرا و دانانی دیوارێكی كۆنكرێتی، هەروەها جێگیركردنی یەكە سەربازییە جۆراوجۆرەكان و یەكە میكانیزەییەكان و زرێپۆشەكان و تۆپخانە بۆ پاراستنی سنورەكان.
هەروەها، دڵنیایی دەداتە عێراقییەكان كە سنورەكە زۆر سەلامەتە و بەتەواوەتی پارێزراوە وە هیچ دزەكردنێكی تیرۆرستان و چەكداران بونی نیە.