نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە مەدرید لەگەڵ پێدرۆ سانچێز هاوتا ئیسپانیەكەی كۆبوەوە
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبونەوەكەدا ئاسۆی هاریكاری نێوان عیراق و ئیسپانیا لە هەمو ئاستەكاندا تاوتوێ كراوە، لەسەر بنەمای پەیوەندییە دووقۆڵییەكان هاوشانی ئەوەی لە سەردانەكەی سانچێز بۆ بەغدا لە كۆتایی ساڵی رابردو بەدەستهات.
لە كۆبونەوەكەدا سودانی رایگەیاندوە، هەڵوێستەكانی ئیسپانیا هانی حكومەت دەدەن بۆ دامەزراندنی هاوبەشییەكی گشتگیرو بەڵێندەر، بەئامادەبونی كۆمپانیا ئیسپانییەكان لە گەشەپێدانی عیراقدا، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەشێكە لەستراتیژی حكومەت لەمامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لەعیراق و ئیسپانیا یەكێك بو لەوڵاتانی بەشداربو تێیدا.
هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵوێستەكانی ئیسپانیای بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین بەرز نرخاندوەو كە بە ئاشكرا دانی بە دەوڵەتی فەڵەستین و دۆزە رەواكەیدا ناوە جگە لەوەی داوای راگرتنی شەڕی غەزەو لوبنانیشی كردوە.
لەلای خۆشیەوە سانچێز جەختی لەسەر گرنگی عیراق و رۆڵی سەرەكی كردۆتەوە لەناوچەكە، هەروەها بە ئاماژەی بەخواستی وڵاتەكەشی كردوە بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ عیراق و خواستی كۆمپانیا ئیسپانییەكان بۆ بەشداریكردن لەپڕۆژە جۆراوجۆرەكان لە عیراقدا.