نەوا-
دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتوە، بڕیارە 20/11ی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی دوای چەندین ساڵ لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەنجامدانی سەرژمێری بابەتێكی گرنگەو راستەوخۆ گرێ دراوی كۆی لایەنە جیاوازەكانی ژیانەو بەهۆیەوە دەوڵەت باشتر دەتوانێ سود لە تواناكانی ببینێ و هۆكارێكی بنچینەیی پێشكەوتنەكانی لەسەر بەندە، لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیكردن لە سەرژمێری كارێكی تەواو راستە.
راشیگەیاندوە، وەك دەستەی ناوچە كوردستانییەكان بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە دەڕوانین لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چونكە لە لایەك مادەی 140 ی دەستور جێبەجێ نەكراوەو لەلایەكی تریش مێژوی سەرژمێریەكانی رابردو ئەزمونێكی تاڵ و كاریگەری خراپیان لەسەر نیشتمانەكەمان دروست كردوە، هەوڵەكانی وەزارەتی پلان و دەستەی ئاماری هەرێمیش كاری جدیان كرد بە ئاڕاستەی نەهێشتنی كاریگەری سیاسی لەسەر پرسەكە، بەڵام پێویستە بەهەستیاری لەسەر ئەم پرسە بوەستین.
دەستەی ناوچە كوردستانییەكان ئاماژەشیكردوە كە ئامادەكاری تەواویان كردوە لەڕۆژی 19/9 لە شاری هەولێر دیدارێكی سیاسی لەگەڵ كۆی هێزە كوردستانییەكانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رێك بخەن و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن تواناكانیش یەك بخەن بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەو خەڵكی خۆڕاگری ئەو ناوچانە كە ئێستا لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەژین .