نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئیدوارد ئەلگرێن راوێژكاری باڵای سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك پلەدارانی سەربازی پێكهاتبون.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەیەكدا دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو كردەوەكانی داعش لە عیراق و سوریا تاوتوێ كراون، هەردوولا هاوڕا بون كە داعش هێشتا هەڕەشەیەو ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە.
راشگەیەنراوە هەردوولا جەختیان لەگرنگی هاریكاری و هەماهەنگی پێشمەرگەو سوپای عیراق بەپشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر كردەوە، هەروەها باسیان لەداهاتوی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعیراق و هەرێمی كوردستان كردوە.
لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا باسیان لە هاریكاری و پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە كردوە.