هێزەكانی عیراق لەسەر سنوری سوریا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیەوە

27/07/2024 عێراق

هێزەكانی سوپای عیراق لەسەر سنوری نێوان عیراق- سوریا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
لەپاش ئازادكردنی سەدان زیندانی لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، هێزەكانی عیراق لەسنوری سوریا بەئاڕاستەی حەسەكەو دێرەزو خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی ئەو ئازادكراوانە بۆ ناو خاكی عیراق.
بەگوێرەی راگەیەنراوی هەسەدە زیاتر لە 1500 زیندانیكراویان ئازاد كردوەو لەوبارەیەشەوە لیوا حەسەن سیلاوی فەرماندەی فیرقەی حەوتی سوپای عیراق رایگەیاندوە، هێزەكانیان ئامادەن بۆ شكستپێهێنانی هەر پلانێكی تیرۆریستی كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجامبدرێت لە سنوری دەسەڵاتی فەرماندەییەكەیاندا .
سیلاوی راشیگەیاندوە، لەلایەن وەزیری بەرگری عیراقەوە فەرمانیان بۆ هاتوە كە هەستن بە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیان بەدرێژایی 86 كیلۆمەتر لەسەر سنوری نێوان عیراق- سوریا، هەروەها هەماهەنگیان كردوە لەگەڵ ئەو هێزانەی تر كە لە ناوچەكەدا هەن.
هەر لەوبارەیەشەوە ئەفسەرێكی پاسەوانی سنور تەئكیدی كردۆتەوە كە تائێستا هیچ سنوربەزاندنێكیان تۆمار نەكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group