لە واشنتۆن تاوتوێی پرسی گەشەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵی هەرێم دەكرێت

27/07/2024

نەوا-
شاندی هەرێم لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن پێشوازییان لێكراو كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڵاویكردۆتەوە، لەدرێژەی دیدارو كۆبونەوەكان لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، شاندی هەرێمی كوردستان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازییان لێكرا و دواتر كۆبونەوەیەكی گرنگیان ئەنجامدا لەگەڵ بەرپرس و راوێژكاری دۆسیەی ئاوی عیراق و سوریاو بەرپرسی دۆسیەی ژینگە.
لەبارەی كۆبونەوەكەوە باس لەوەدەكرێت، تاوتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ئەمریكایان كردوە بەتایبەتی لەسەر پرسی گەشەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵی و كاریگەری گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لەسەر كشتوكاڵ و بابەتی دروستكردنی بەنداوەكان و پڕۆژەكانی پۆندسازی و ئاودێری و هێنانەكایەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوی كشتوكاڵی، هەروەها سودوەرگرتن لەسەرچاوەكانی ئاو و چارەسەركردنی كێشەی ستراتیژی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر پێویستی و پاڵپشتی راستەوخۆی حكومەتی ئەمریكا لەرێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی و رێكخراوەكانی سەر بە ئەمریكا بۆ دابینكردنی پاڵپشتی دارایی و تەكنیكی و راوێژكاری بۆ مەبەستی رەخساندی دەرفەتی كاركردنی یەكسان بۆ دەستیكاری خانمان و دامەزراندنی دەرچوانی بەشە كشتوكاڵییەكان و جوتیاران و فەرمانبەران لە پڕۆژەكانی كشتوكاڵیدا.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group