وەزارەتی دارایی: كێشەی موچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەكانی 70 چارەسەر كرا

22/07/2024

نەوا-
وەزارەتی دارایی چارەسەركردنی كێشەی موچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70ی راگەیاند.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویكردۆتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پێشوازیكردوە لە ژمارەیەك لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەكانی یەكەی 70 كە لەچەند ناوچەیەكی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە سەردانیان كردوەو لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر كێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 كراوە كە ژمارەیان زیاتر لە 9هەزار كەسەو موچەی مانگانەیان نزیكەی 4 ملیار دینارە تائێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری.
هەروەها هاتوە كە وەزیری دارایی ڕونیكردۆتەوە بەپێی یاسای چاكسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێك لەدەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەكانی یەكەی 70 تائێستا هیچ داتاو زانیاری و  دۆسیەیەكیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێركاریی و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییەو لە وەزارەتی دارایی عیراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوررستانیش هیچ تەرخانكراوێكی داراییان بۆ نەكراوە.
وەزیری دارایی وتوشیەتی: وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواكەوتن و نەدانی موچەكانیان بەڵكو پێویستە فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 كاربكات بۆئەوەی بەزوترین كات دۆسیەكانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی هاوشێوەی مانگەكانی تر.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە وەزیری دارایی فەرمانیكردوە بە خەرجكردنی موچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 بەشێوەی پێشینە تا كێشەكەیان بە یەكجاری چارەسەر دەكرێت.  

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group