نەوا-
لە رۆژی 1ی تەمموزدا زۆربەی خێزانە عیراقییەكان یادی لەدایكبونی باوك و باپیریان دەكەنەوە، لێرەوە هۆكاری ئەو بەروارە بزانە كە بەوهۆیەوە خەریكبو شاندێكی عیراقیش لە فڕۆكەخانە توشی كێشە بكات.
ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز بڵاویكردۆتەوە، هۆكاری ئەوەی كە بەشێكی زۆر لە عیراقییەكان لە رۆژی 1ی تەمموزی هەمو ساڵێك ئاهەنگی یادی لەدایكبون دەگێڕن ئەوەیە كە كاتێك سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ساڵی 1957 ئەنجامدراوە ئەو بەروارە وەك رۆژی لەدایكبونی هەمو عیراقیەك لەو سەردەمەدا تۆمار كردوە كە پێش ئەو بەروارە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی عیراق هیچ تۆماریێكی نەبو، بۆیە ملیۆنان عیراقی لەم رۆژەدا لەدایكبونیان تۆماركرا.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، پێش بەرواری 1-7 بەشێك لە عیراقییەكان منداڵە تازە لەدایكبوەكانیان تۆمار نەكردوە تا دوای ماوەیەكی زۆر، بەتایبەت ئەوانەی لە شارەكاندا نەژیابون ئەوان تەمەنی منداڵەكانیان پێشبینی دەكرد كاتێك رەگەزنامەیان دەربكردایە یاخود خرابێتنە قوتابخانە.
ماڵپەڕەكە چیرۆكێك دەگێڕێتەوە لەزاری ئەندامانی شاندێكی عیراقییەوەو باسیان لەوەكردوە، یەكێك لە یادگارییەكانی ئەم چیرۆكە ئەوەیە كە شاندێكی فەرمی لەساڵانی نەوەدەكاندا سەردانی یەكێك لەو وڵاتانەیان كردوە، كاتێكیش گەیشتونەتە فڕۆكەخانە بۆئەوەی پاسپۆرتەكانیان بپشكنرێن، دەسەڵاتدارانی فڕۆكەخانەكە ئامادە نەبون كارەكانی شاندەكە رایی بكەن بەهۆی گومانكردن لە ساختەكردنی پاسپۆرتەكانیان، چونكە هەمو ئەو ئەندامانە بەرواری لەدایكبونیان 1ی تەمموز بوە.