عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی رایگەیاند، پێویستە پێكهاتەی سوننەكان بگەنە رێككەوتن بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
عەممار حەكیم لە وتاری نوێژی جەژنی رەمەزاندا رایگەیاند، عیراقییەكان وێستگەی قورسیان تێپەڕاندوەو لەماوەی دوو دەیەی رابردودا ئەزمونەكەمان قۆناغی زۆر مەرتسیداری بینبوە، بەڵام بە قوربانیدان و دەستكەوتی مەرجەعیەتی ئایینی و دڵسۆزی هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان بۆ بەرژەوەندی وڵات تێیان پەڕاندوە.
وتیشی: سوپاسی یەزدان دەكەین بۆ ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی هاتۆتە ئاراوە ئەویش بەهەوڵی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان لە حەشدی شەعبی و پێشمەرگەو ئاسایشی نیشتمانی بە فەرماندەیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و هەموو ئەوانەی هەماهەنگ بون بۆ پارێزگاریكردن لە كۆمەڵگەو حكومەتەكەیان.
عەممار حەكیم لەبەشێكی وتارەكەیدا باسی لە سەردانی چاوەڕوانكراوی محەمەد شیاع سودانی كرد بۆ ئەمریكاو وتی: پێمانوایە ئەم سەردانە گرنگە بۆیە پێویستی بە پشتیوانی و كۆدەنگی عیراقییەكان هەیە تا حكومەت گفتوگۆ و دانوستان لەسەر داهاتوی پەیوەندییەكانی عیراق و ئەمریكا بكات، چونكە عیراق خوازیارە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەو جیهان لەچوارچێوەی رێزگرتن لە بەرژەوەندی هاوبەش و سەروەریی و سەربەخۆیی وڵاتەكەی.
عەممار حەكیم داواشی لە پێكهاتەی سوننەكان كرد پشوی جەژن بكەنە دەرفەت بۆ رێككەوتنیان لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی كردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دڵنیاشن سوننەكان توانای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەشیان هەیە.