نەوا -
لە سەرتاسەری جیهانەوە 300 پارێزەر ئامادەیی خۆیان پیشانداوە كە دادگایی ئیسرائیل بكەن بەهۆی تاوانەكانی جەنگەوە لە فەلەستین و جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەوان سوپای فەلەستین دەبن.
دەستپێشخەرییەكە لەلایەن پارێزەرێكی فەرەنسییەوە بەناوی "مایتر جیل دیڤیر" دەستی پێكردووە و بڕیاریداوە لەماوەی 10 رۆژدا "سوپایەكی پارێزەران" كۆبكاتەوە و تاوەكو ئێستا 300 پارێزەر پەیوەندییان پێوە كردووە.
ئەو پارێزەرە بە میدیاكانی وتووە، دەتوانن 3 هەزار پارێزەر كۆبكەنەوە و تاوەكو ئێستاش دەرگای پەیوەندی كردن بە سوپاكەیانەوە كراوەیە لەبەردەم هەركەسێكدا كە شایەتحاڵی تاوانەكانی ئیسرائیلە.
دیڤیر ئاماژەی بەوەشداوە، بەناوی كۆمەڵە و سەندیكاكانەوە لای داواكاری گشتی سكاڵایان دژی كۆمەڵكوژی تۆمار كردووە، كەیسی فەلەستین لە هەموو دادگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان پێشكەش دەكرێت و حكومەتی وڵاتانیش دەتوانن شتێك لەو بارەیەوە بكەن.
ئەو پارێزەرە فەرەنسییە كە یەكێكە لە پارێزەرە بەتەمەنەكان لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، بەڵێن بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەدات كە چارەنوسیان رەش دەبێت، بە فەلەستینییەكانیش دەڵێت، كەستان نەبوو بەرگریتان لێبكات، بەڵام ئێستا سوپایەك لە پارێزەرانتان لە دادگا نێودەوڵەتی و نیشتمانییەكان هەیە.
دیڤیر شارەزاییەكی زۆری لە كەیسە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە و ئەندامی سەندیكای پارێزەرانە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان و دكتۆرای لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەیە و شارەزاییەكی زۆری هەیە.