لەتیف رەشیدو بەشار ئەسەد كۆبونەوە

11/11/2023 عێراق

نەوا-
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی سوریا ئیدانەی هێرشەكانی سەر غەزە دەكەن و جەختیش لەپێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەكان دەكەنەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە پەراوێزی كارەكانی كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی لەشاری ریاز، لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا كۆبوۆتەوە، لەدیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردولاو چۆنیەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و رەوشی فەلەستینیان تاوتوێ كردوە.
هەروەها هاتوە كە لە لەتیف رەشید جەختیكردۆتەوە لەسەر پەیوەندییە مێژوییەكانی نێوان عیراق و سوریاو پێویستی پەرەپێدانی هاریكاری لەهەمو بوارەكاندا بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردو گەل بكات، هەروەها گرنگی بەردەوامبونی پێكەوە كاركردن بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو توندڕەوی و هەروەها  هەڵوێستی عیراق لە پشتیوانیكردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیان دوپاتكردۆتەوە.
هاوكات سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی سوریا بەتوندی ئیدانەی دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر غەزە كردوە كە خەڵكی مەدەنی و نەخۆشخانەكان دەكرێنە ئامانج، جەختیانكردۆتەوە لەسەر پێویستی دەستبەجێ راگرتنی بۆردومانەكان و پاراستنی خەڵكی مەدەنی و دڵنیابون لە گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەكان بە خێزانە گەمارۆدراوەكان و دابینكردنی رێڕەوی ئارام بۆیان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group