نەوا
دەستەی بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی دارایی تیرۆر سەربە حكومەتی سوریا لیستی ئەو ناوانەی بڵاوكردوەتەوە، كە گوایە پاڵپشتی تیرۆر دەكەن و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاشی تێدایە.
لە لیستەكەی "دەستەی بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی دارایی" سوریا كە ماڵپەڕی "سپوتنیك"ی روسیا بڵاویكردوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، ناوی 615 كەس تۆماركراوە، كە پشتگیری دارایی تیرۆر دەكەن و زیاتر لە 100 كەسیشیان رەگەزنامەی دەرەوەی سوریایان هەیە.
بەگوێرەی رونكردنەوەكانی ماڵپەڕە روسییەكە، زۆرینەی لیستەكە كەسایەتی سورین، دوای ئەوانیش سعودیەكان دێن، كە 67 كەسی تێدایە و بەدوای ئەوانیش لوبنانیەكان هەن بە 42 كەس و پاشان كوێتییەكان دێت، لە لیستەكەدا چەندین كەسایەتی دیاری جیهانی عەرەبی تێدایە، لەوانەش "سەعد حەریری، وەلید جونبوڵات و سەمیر جەعجەع " كە سەرۆك و كەسایەتی لوبنانن، هەروەها "یوسف قەرزاوی" كەسایەتی دیاری ئایینی میسری و ئیخوانەكانیش ناوی هاتوە.
لیستەكە چەندین كەسایەتی دیكەی كوێتی و توركی و عیراقی و میسری و رەگەزنامەی جۆراوجۆری تێدایە، سەرەڕای پیاوانی كار و بازرگانی و دەوڵەمەندەكان، لەدیارترین ئەو كەسایەتیانەش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، لە عیراقیشەكاندا هەریەكە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و شێخ حارس زاری كەسایەتی ئایینی سوننەی عیراق دەبینرێن.