نەوا-
كۆماری ئیسلامی ئێران و چەند وڵاتێكی دیكە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هەوڵیاندا رێگری لەگروپێكی كورد بكەن كە نیگەرانیان دەربڕیبو سەبارەت بە مامەڵەكردنی ئێران لەگەڵ كەمینە نەتەوەكاندا.
ماڵپەڕی ئێران وایەر بڵاویكردۆتەوە، چەند حكومەتێك لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی بەڕێوەچونی كۆبونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان كە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچو هەوڵیانداوە رێگری لە گروپێكی كوردی مافی مرۆڤ بكەن كە نیگەرانیان نیشانداوە سەبارەت بە مامەڵەكردنی وڵاتی ئێران لەگەڵ كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان، ئەو بابەتەش لە حەڤدەهەمین دانیشتنی كۆڕبەندی پرسی كەمینەكان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان وروژێنراوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، ڤەنزوێلا، بیلاڕوس و ئێران ئەو وڵاتانەبون كە دەنگی نوێنەرێكی كوردیان بەناوی شێنێ رەزابی لەكۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان-جنێف پچڕاند كە باسی دژایەتیكردنی بۆ سەر گروپە كەمینەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرد لە كۆبونەوەكەدا ، تەیمور ئەلیاسی سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان رایگەیاندوە كە ئەوان دژی چەوساندنەوەی كەمینەكانن لە ئێران و تەنانەت لە نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەنگیان رەتكراوەتەوە لە جنێفیش ئامانجیان بێدەنگكردنی دەنگی كەمینەكانە.
وەك بڵاوكراوەتەوە رەزابی لە كۆڕبەندەكەدا وتویەتی، نیگەرانین سەبارەت بەوەی كە كەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە ئێران روبەڕوی بوەتەوە، پێشێلكاری قورسی مافی مرۆڤ كەمایەتییە كوردو بەلوچ و كەمایەتییە غەیرە فارسەكانی دیكەی كۆماری ئیسلامی گرتۆتەوە.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان لەساڵی 2006 دامەزراوە بنكەكەی لە جنێفەو كار بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دەكات كە كاریگەری لەسەر كەمایەتییەكان هەیە.