نەوا-
دەستەی سوێند خۆرانی دادگەی فیدراڵیی ڤێرجینیا لە بڕیارێكدا بۆ كۆمپانیای (سی ئەی سی ئای) رایگەیاند، پێویستە بە 42 ملیۆن دۆلار قەرەبووی سێ هاووڵاتیی عێراقی بكەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی 2003 و 2004 كارمەندەكانیان لە زیندانی ئەبوغرێب سێ هاووڵاتییە عێراقییەكەیان ئەشكەنجە داوە.
لای خۆشیانەوە، تیمی پارێزەرانی كۆمپانیاكە لە ویلایەتی ڤێرجینیا رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ سەربازانی سوپای ئەمریكا و بەگوێرەی رێككەوتنێك كاریان كردووە.
هەروەها، ئەو سێ عێراقییە بە دادگەكەیان راگەیاندووە، لەلایەن سەرباز و كارمەندە ئەمریكییەكانەوە ئەشكەنجەی دەروونی و جەستەیی، دەستدرێژیی سێكسی، ئەشكەنجەدان بە كارەبا و ترساندن بە سەگ سزادراون.
ئەمە لە كاتێكدایە، ساڵی 2008 داواكە لەلایەن ئەو سێ عێراقییەوە لە دژی ئەو كۆمپانیا ئەمریكییە تۆمار كرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە 15 ساڵی پێویست بووە بۆ یەكلاكردنەوە.