راگەیەندراوێك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە

پێش 1 هەفتە عێراق

نەوا-
ئەمرۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، لە دیدارەكەدا سوودانی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە بارزانی كردووە و باسیان لە دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم كرد، لە پێش هەمووشیانەوە هەوڵەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت لە هەرێمەوە و گرنگیی ڕێكخستنەوەی بەجۆرێك كە چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتییان لە تەواوی عێراقدا بهێنێتە دی.
ئاماژەیان بەوشدا، كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگیی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی لە هەرێم كردەوە و وەك كۆڵەكەیەكی سەرەكیی سەقانگیریی بەغدا و عێراق وەسفیكرد و گرنگیی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی دووپاتكردەوە و ئامادەیی حكومەتی فیدراڵیشی بۆ هاوكاریكردنی هەرێم لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و گرنگیی خستەنەگەڕی ئەوپەڕی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی كرا.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بەتایبەتیش پێداگریی “داگیركەری زایۆنی” لەسەر فراوانكردنی سنووری جەنگ كرا و جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی یەكخستنی هەڵوێستەكان.
دەربارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش، جەخت لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە زووترین كات و نەهێشتنی ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەكە كرایەوە، بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group