حكومەتی عیراق باج لەسەر بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەسەپێنێت

3 رۆژ پێش ئێستا عێراق

شارەزایەكی ئابوری عیراق دەڵێت، دەكرێت باج لەسەر بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دابنرێت بە رێژەی 15%.
نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری عیراق بڵاویكردۆتەوە، دەكرێت 15%ی باج بخرێتە سەر بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئەویش بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە.
پێشتر عەلی وەعد عەللاوی سەرۆكی دەستەی گشتی باجەكان لەعیراق رایگەیاندبو، دەستەكەیان باجی لەسەر چەند كۆمپانیایەك داناوە كە تائێستا لێیان وەرنەگیراوە، وەك كۆمپانیاكانی تاكسی فڕۆكەخانەكان و سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی هاوشێوە ئەوان كاردەكەن، چونكە تائێستا ئەوانە باج نەیگرتونەتەوە بۆ ئەوەش رەزامەندی سەرۆك وەزیرانیان بەدەستهێناوە تاكو بە رێژەی 15% باجیان لێوەربگیرێت.
سەرۆكی دەستەی گشتی باجەكانی عیراق راشیگەیاندبو، لەئێستادا گفتوگۆ دەكەین لەسەر ئەو كەسانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وەك فەیسبوك ریكلامی بازرگانی دەكەن تاكو 30% باجیان لێوەربگیرێت، هەروەها باجیش لەسەر تیكۆككەرزو بلۆگەرزو یوتوبەرەكان و ژمارەیەك لەو كەسانەی بەناوبانگبون و بینەریان هەیە دادەنرێت و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەركراوە.
عەللاوی وتوشیەتی: ئێستا بەدوای میكانزمێكدا دەگەڕێین تاكو سەپاندنی باجەكە بەسەریاندا جێبەجێ بكەین، كۆی ئەو شوێنانەشی باجیان لەسەر دادەنرێت ژمارەیان دەگاتە 85 شوێن و پێدەچێت مانگانە داهاتەكەیان بگاتە 5 ملیۆن دۆلار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group