ژمارەی كوژراوان و بریندارانی هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی سەر لوبنان بەرز بووەوە

1 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی كوژراوەكان گەیشتووەتە 11 كەس هاوكات ژمارەی بریندارانیش بۆ چوار هەزار بەرز بووەتەوە كە چوار سەدیان برینەكانیان سەختە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی لوبنان ڕاگەیەندراوێكی لە بارەی تەقینەوەی ئامێری بێتەلی ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانی بڵاو كردەوە و وێڕای سەركۆنەكردنی، دەڵێت، پێشهاتێكی مەترسیدارە.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باسی لەوەشكردوە، لەسەر ئەم هێرشە، سكاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار دەكەین.
لای خۆشیانەوە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، لە چەند ناوچەیەكی لوبنان زنجیرەیەك تەقینەوە رویاندا، بەهۆیەوە دەیان كەس بریندار بوون و بەپەلە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەكان.
سەرچاوەیەك لە حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاندووە، هەواڵگری ئیسرائیل توانیویەتی دزەبكاتە ناو ئامێرەكانی پەیوەندیی ئەندامانیان، هاوكات ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ڕوونی كردووەتەوە، هەواڵگری ئیسرائیل دزەیكردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "پەیجەر"ـی ئەندامانی حزبوڵڵا، كە ئامێرێكی بچووكە و بۆ پەیوەندی بەكار دێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانیش كە بە دەستی ئەندامانی حزبوڵڵاوە بووە، دەیان ئەندامی حزبوڵڵا برینداربوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group