دوای 20 ساڵ ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر پێکهێنرایەوە

08/10/2020

نه‌وا 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كاراكردنەوە و دەستبەكاربونی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێری بە ستافێكی نوێوە راگەیاند و وتی: لە دوای نەگۆڕانی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ، ئەوە وەرچەرخان و هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکخستن و پلاندانانی کاری باش لەپێناو خەڵکی پایتەختی هەرێمی کوردستان.

 رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كاراكردنەوە و دەستبەكاربونی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێری بە ستافێكی نوێ راگەیاند، كە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە 21 كەسن و بۆ یەكەمجاریشە پشكی رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكاندا بەرێژەی %30 دیاری كراوە. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر پێکهاتوە کە ڕۆژانە خزمەتی شاری هەولێر دەکەن، یەکەمین جاریشە لەسە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نوێنەرانی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەریان لەو ئەنجومەنەدا دەبێت".
وتیشی: "لە دوای نەگۆڕانی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ، ئەوە وەرچەرخان و هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکخستن و پلاندانانی کاری باش لەپێناو خەڵکی پایتەختی هەرێمی کوردستان".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنە كۆنەكە، ئەركێكی قورس بوو، ئەوەشی خستوڕو، "هەوڵماندا لە داڕشتنەوەی ئەم ئەنجومەنە نوێیە، ئەنجومەنێكی پڕۆفێشناڵ و خزمەتگوزار بێت، لەو كەسانە پێكدێت رۆژانە سەروكاریان لەگەڵ خەمەكان و خزمەتگوزارییەكانی شاردا هەیە، كە مەبەستمان لە هەمو شارەكانی هەرێمی كوردستانیشە، ئەمجومەنەكە لەو كەسانە پێكهاتوە دەزانن كێشەكان چین و لە كوێن، بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت، وەك شارەوانی و كارەبا و وەبەرهێنان و هاتوچۆ و هەموو سێكتەرەكانی تر كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە". 
ساسان عەونی باسی له‌وه‌شكرد، ئەو ئەنجومەنە یەكەمجارە نوێنەری رێخكراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تێدایە، نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەییەكان دەكەن، ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە و جۆرێك لە پێكەوەیی لە نێوان دامودەزگا حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەكان دەگەیەنێت، دەنگیان دەبێت و ئاگاداری بڕیارەكان دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group