نهوا
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە و بڕیاریشە ئەو بڕە پارەیەی بۆ کوردستان دیاریکراوە بینێرێت.
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق له لێدوانێكدا بۆ سایتی رووداو رایگەیاندوه، حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە، بەپێی بەڵێن و رێککەوتنەکانیش دەبێت ئەو 320 ملیار دینارەی رێککەوتنی لەسەرکراوە، بینێرێت.
ناوبراو لەبارەی کاتی ناردنی پارەکە دهڵێت: "دەگوترێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی سێیەم وەزارەت، بڕە پارەکەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت، بەڵام ئەمە مەرج نییە بۆ هەموو مانگێک وابێت، مادام دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە، دەبێت چەند رۆژی داهاتووش پارەکەی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
شێروان میرزا رەتیکردەوە، حکومەتی عێراقی بەنیاز بێت بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت بکات و دەڵێت، یاسا رێگە بەکاری لەو شێوەیە نادات، هاوكات بە دووری دهزانێت بۆ مانگەکانی داهاتوو کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران هەبێت، چونکە وەک باسی كردووه، حکومەت یاسای قەرز رەوانەی پەرلەمان دەکات و یاساکەش لە پەرلەمان پەسنددەکرێت، بۆیە گرفت لە دابەشکردنی مووچەی دروست نابێت.