نەوا-
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە مەزڵوم عەبدی كرد و جەختیان لە گرنگیی هاوبەشی و بەشداریی كورد و تەواوی پێكهاتەكانی سوریا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا و مسۆگەركردنی مافەكانی هەمووان كردەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردوە، شەوی ڕابردو لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كرد، لە كۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سوریا و پەیوەندییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە سوریا لەگەڵ حكومەتی سوریا تاوتوێ كران و دەربارەی مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەكانی داعش، بیروڕایان گۆڕییەوە.
باس لەوەشكراوە، هەردولا جەختیان لە گرنگیی هاوبەشی و بەشداریی كورد و تەواوی پێكهاتەكانی سوریا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا و مسۆگەركردنی مافەكانی هەمووان كردەوە، هاوڕابون لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەنێو پێكهاتەكانی سوریادا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەكان.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، پێویستیی یەكڕیزی و تەبایی لەناو هێز و لایەنە كوردییەكانی سوریادا وەك گارنتییەك بۆ بەدیهێنانی داوا و مافە ڕەواكانی كورد لەو وڵاتە.