فیدان: راگواستنی خەڵكی فەڵەستین نەزانی و تێنەگەیشتنە لە مێژو

22 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، راگواستنی فەڵەستینییەكان لەسەر خاكەكەیان مایەی قبوڵكردن نییە.
هاكان فیدان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندوە،  توركیا ئەو جۆرە پێشنیازانە بۆ راگواستنی خەڵكی رەسەنی فەڵەستین لەسەر خاكەكەیان بە جدی وەرناگرێت، چونكە ئەو هەنگاوانە مانای نەزانی و تێنەگەیشتنن لە مێژو. 
وتیشی: لەساڵی 1948دا فەڵەستینییەكان ئاوارە كران، دواتر بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشنیازی چارەسەریی دوو دەوڵەتیی خستەڕو كە پێشنیازەكە رێگا بە فەڵەستینییەكان دەدات دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن و بتوانن شانبەشانی ئیسرائیل لەسەر سنورەكانی ساڵی 1967 بژین و قودسی رۆژهەڵات پایتەختەكەی بێت.
فیدان باسی لەوەشكردوە، جیهانی ئیسلامی، توركیاو جیهانی عەرەبی و زۆرینەی رەها لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتیان لەو پێشنیازە كردوە كە بەم دواییانە لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا دەنگ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین درا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group