نەوا-
تیمێكی سەر بە كەناڵی ناشناڵ جیۆگرافیك پاشماوەی پێیەكیان لەناو پێڵاوێكدا دۆزیەوە گومان دەكەن شاخەوانێكی بەریتانی بێت كە سەدەیەك پێش ئێستا ونبوە.
راگەیاندنە جیهانییەكان بڵاویانكردۆتەوە، تیمێكی سەر بە كەناڵی ناشناڵ جیۆگرافیك پاشماوەی پێیەكیان لەناو پێڵاوێكدا لە رەوتی توانەوەی سەهۆڵبەندانێك لەسەر چیای ئێڤرێست دۆزیوەتەوە لەسەر گۆرەوی پاشماوەی پێڵاوەكەدا ناوی"E.C. Irvine" ی لەسەر نوسراوە، ئەمەش بەو مانایە دێت بە ئەگەرێكی زۆرەوە شاخەوانی بەریتانی ئەندرۆ ئیرڤینە كە لە ساڵی 1924 لەسەر چیای ئێڤرێست كە بەرزترین لوتكەی جیهانە دیارنەماوە.
باس لەوەشكراوە، ئیرڤین لەگەڵ شاخەوانێكی دیكەی بەریتانی بەناوی جۆرج مالۆری لەكاتی گەشتەكەیاندا لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 1924دا بێسەروشوێن بون كە تەنها نزیكەی 240 مەتر لە لوتكەی ئێڤرێستەوە دور بون، لەكاتێكدا ئەوان هەوڵیانداوە یەكەم سەركەوتنی بەڵگەدار بۆ بەرزترین شاخ لە جیهاندا تۆمار بكەن.
ئاماژە بەوەشدەكرێت، تەرمی مالۆری لەساڵی 1999 دۆزرایەوەو تەرمی ئیرڤین نەدۆزرایەوە، تیمی ناشناڵ جیۆگرافیك چاوەڕێی شیكاری دی ئێن ئەی دەكەن بۆئەوەی پشتڕاستی بكەنەوە كە پاشماوەی پێیەكە هی ئیرڤینە یان نا، ئەمەش دەبێتە یەكەم بەڵگەی مردنی ناوبراو لە دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی 100 ساڵ.