وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم 205 هەزار ناوی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەباتە بەغدا

19/09/2024
نەوا-
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتیی هەرێمی كوردستان بۆ دۆسیەی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی سەردانی بەغدا دەكات و ناوی 205 هەزار كەس لەگەڵ خۆی دەبات.
 ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی مووچە و سوومەندبووانی چاودێریی كۆمەڵایەتی، بەم نزیكانە كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات. 
 ئاماژەی بەوەشدا، پێش كۆرۆنا نزیكەی 88 هەزار كەس مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیان هەبوو؛ بەڵام دوای كۆرۆنا و سەختی ژیان ئێستا ژمارەكە بۆ 205 هەزار كەس بەرزبووەتەوە. 
 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابوووریی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هەولێر كرا، دۆسیەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی باسكرا، بەڵام وتەبێژە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم دەڵێت، لایەنی عێراقی داوایان كرد شاندێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group