نەوا-
مانگی ئەیلول بەمانگی هۆشیاری شێرپەنجەی منداڵ دیاری كراوە، هەموو ساڵێك لەم مانگەدا هەوڵەكان لەسەر ئاستی جیهان چڕتردەكرێنەوە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسی شێرپەنجەی منداڵ و بانگەوازكردن بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو نەخۆشیە مەترسیدارە.
ئامانجی هۆشیاركردنەوە لە شێرپەنجەی منداڵ بریتیە لە ڕزگاركردنی بەملیۆنەها منداڵ لەسەر ئاستی جیهان لەتووشبوون بە شێرپەنجە، لەڕێگەی زیادكردنی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشیەكە و هۆكارەكەی تووشبوون لەگەڵ ڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونە هەڵانەی لەبارەی نەخۆشیەكە بڵاوبووەتەوە.
ئامانجی مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی منداڵ بۆئەوەیە هەموو منداڵان و هەرزەكاران سوود ببین لە هۆشیاری و باشترین چارەسەرە و چاودێری لەسەرتاسەی جیهان، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ دەستنیشانكردنی پێشوەختەی تووشبوون بە شێرپەنجە و زیادكردنی رێژەی چاكبوونەوە.
بەپێچەوانەی ئەو شێرپەنجەیەی تووشی كەسانی پێگەیشتوو دەبێت، زۆرینەی جۆرەكانی شێرپەنجەی منداڵ هۆكارەكانی نادیارن، لێكۆڵینەوەی زانستی زۆر كراوە بۆ دیاری كردنی هۆكارەكانی تووشبوونی منداڵ بەشێرپەنجە، بەڵام ژمارەیەكی كەمی شێرپەنجەی منداڵ هۆكارەكانی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەیی و شێوازی ژیان.
بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجە بە دیارترین هۆكاری گیان لەدەستدانی منداڵان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و لە 80%ی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لەوڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندان، نزیكەی یەك لەسەر سێی گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە لەئەنجامی سیستمی هەڵەی خۆراكی و كەمی جووڵە و جگەرەكێشانەوەیە.
بەپێی داتاكان ساڵانە نزیكەی 400,000 منداڵ و لاوی خوار تەمەن 20 ساڵ تووشی شێرپەنجە دەبن، باوترین جۆری شێرپەنجەی منداڵ بریتیە لە شێرپەنجەی خوێن (لۆكیمیا) و شێرپەنجەی مێشك و گرێ لیمفاوییەكان.
لەوڵاتانی پێشكەوتوو رێژەی چاكبوونەوەی منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە دەگاتە زیاتر لە 80% بەهۆی پێشكەوتنی زانست و بەردەستبوونی چارەسەری پێویست، لەكاتێكدا رێژەی چاكبوونەوە لەوڵاتانی تازەپێگەیشتوو و ئەو وڵاتانەی داهاتیان مامناوەندە كەمترە لە 30% بەهۆی لاوازی دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە و دواكەوتن لە دەستنیشانكردن و نەبوونی چارەسەری پێویست.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی