نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری زیارەتكاران دەكاتەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا گەشتی عومرە ئەنجام نەدەن كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیانەوە رێگەی پێنەدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاندوە، داوا لەو زیارەتكارانە دەكەن كە بەنیازی گەشتی عومرەن بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو كەس و كۆمپانیایانە ئەنجامی نەدەن كە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیان نەكردوە بۆ گواستنەوەی عومرەكاران لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە، بۆیە لەكاتی چونیان بۆ كۆمپانیاكان بەمافی خۆیانی بزانن داوای بینینی گرێبەستی كاركردن لەو كۆمپانیایە بكەن كە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم واژوی كردوە بەمەبەستی دڵنیابونەوە.
ئەوەشی خشتوەتەڕو، ئەمساڵ بەهۆی سەرپێچی رێنماییەكانەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 90 كۆمپانیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە راگیراون و مۆڵەتیان پێ نەدراوە گەشتی عومرە بكەن تاوەكو كەیسەكانیان یەكلایی دەبێتەوە، لەداهاتویەكی نزیكدا ناوی ئەو كۆمپانیانە بڵاودەكەنەوە كە گرێبەستیان كردوەو هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ كێشە لەگەڵ ئەو كۆمپانیانە گەشت بكەن.
دوپاتیشكراوەتەوە، لیژنەكانیان لە هەردو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی و هەروەها لە دەروازەی عەرعەر بەردەوام چاودێری پرۆسەی عومرە دەكەن لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پارێزگاریكردن لە مافیان و رێگریكردن لەهەر سەرپێچییەك، هەر عومرەكارێكیش لە گەشتەكانیدا كەمتەرخەمی لە خزمەتكردن بەدیكرد دەتوانێت سكاڵا لەبەشی یاسای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە تۆمار بكات.