نەوا-
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، موچەی پەرلەمانتارانی عێراق لەم مانگەوە كەمكراوەتەوە.
كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە puk میدیای راگەیاندوە، پەرلەمانتارانی عێراق موچەكانیان كەمكراوەتەوە ئەوەش دوای ئەوە دێت كە داواكرابو كە پلە باڵاكان لە حكومەت موچەكانیان كەمبكرێتەوە، لەبەرامبەریشدا بۆچونێك هەیە كە پەرلەمانتار پلە باڵا نییە تەنها بۆ چوار ساڵ لەو پلەیەدا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویست ناكات ئەو بڕیارە پەرلەمانتاران بگرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، بەپێی بڕیارەكە ساڵی خزمەت و بڕوانامەو هاوسەرگیری و بونی منداڵ كراوەتە پێوەر بۆ موچە، بەڵام لەرابردودا پەرلەمانتاران موچەیەكی جێگیریان هەبو كە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینار بوە، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران مووچەكانیان كەمی كردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەی پێویستبو كارو چالاكی و هەوڵی پەرلەمانتاران بكرێتە پێوەر نەك بڕوانامە، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە هەمو پەرلەمانتارێك چوار ملیۆن دیناری جێگیری هەیە و پاشان دەرماڵەكانی دیكە وەردەگرێت، لەم چوارشێوەیەشدا موچەی پەرلەمانتاران وەك یەك نابێت و تەنها ئەو كەسانەی بڕوانامەی دكتۆرایان هەیە موچەكانیان زیادیكردوە.
بەپێی بڕیارەكە، موچەی ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی ئامادەییان هەیە دو ملیۆن و 800 هەزار دینار كەمیكردوە، هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی دیپلۆمیان هەیە زیاتر لە دو ملیۆن دینار كەمیكردوە، هاوكات موچەی ئەو پەرلەمانتارانەشی كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە ملیۆنێك و 450 هەزار دینار كەمیكردوە، بەڵام موچەی ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی ماستەریان هەیە وەك خۆی ماوەتەوەو ئەو پەرلەمانتارانەشی بڕوانامەی دكتۆرایان هەیە موچەكانیان زیادیكردوە.