نەوا-
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی نیگەرانی بۆ بانكی بازرگانی عیراقی (TBI) دەنێرێت و دەڵێت، دروستكردنی هەژمارو كارتی بانكی بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زۆر دوادەكەوێت.
لەبارەكەی نامەكەی وەزیری داراییەوە كەناڵی (روداو) بڵاویكردۆتەوە، لەسێ مانگی رابردودا بانكەكە تەنها وەڵامی یەك نامەی ئەلیكترۆنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوەتەوە، تاڕادەیەكی زۆریش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی فەرامۆش كردوە.
هەروەها هاتوە كە وەزیری دارایی رۆژی 22-7 نوسراوێكی بۆ بانكی بازرگانی ناردوە تێیدا گلەیی و نیگەرانی خۆی لە سست بەڕێوەچوكانی كارەكانیان و وەڵامنەدانەوەی پەیوەندییەكان لەلایەن بانكەوە دەردەبڕێ لەبارەی بەجێكردنی موچەی موچەخۆرانی نێو پڕۆژەی هەژماری من.
وەزیری دارایی لە چەند خاڵێكدا سەرنج و تێبینی خۆی خستۆتەڕو لەبەشێكیدا هاتوە، بانكەكە دیدگایەكی پێویستی نییە لەبارەی بەشداربوان و دانانی ئامێری ئەی تی ئێمەكان، زیاتر لە هەشت هەزار كەس ئەو بانكەی دیاریكردوە بۆئەوەی موچەكانیان تێدا بەجێ بكەنەوە، دەبوایە بانكەكە هەشت ئامێری نوێ لە هەرێمی كوردستان دابنێ بۆ خزمەتكردنی بەشداربوەكانی، بەڵام سێ مانگ تێپەڕیوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ زانیارییەكی لە بانكەكە بەدەست نەگەیشتوە، هیچ بەرچاوڕونییەكی لەبارەی ژمارەی ئامێرەكان و شوێنەكانیان نیەو تادێت سكاڵای هاونیشتمانیش لەدژی خزمەتگوزاریی بانكەكە زیاد دەكات.