نەوا-
بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە سنورەكانی عیراق چەند كەسێك لە پارێزگاكانی بەسرە و دیالە و واست دەستگیر كران.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردۆتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی فەرماندەیی هێزە سنوورییەكان بۆ رێگریكردن لە هێنانە ناوەوەی مادەی هۆشبەر بۆ ناوخۆی عیراق و هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا، بنكەكانی پۆلیسی گومرگی شەلامجە، زورباتیە و مەنزەریەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگ توانیان 10 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر بكەن.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە نێو تۆمەتبارەكاندا 7 كەسی بیانی هەن كە مادەی هۆشبەریان پێبوە لە جۆرەكانی (میتادۆن، كریستاڵ، تلیاك، ماریوانا، هێرۆین، ترامادۆڵ) و سەرجەم تۆمەتبارەكان و كەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەكانیان رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كراون.