نەوا-
18 ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژی 30-1-2005دا، یەكەم هەڵبژاردنی گشتی دوای روخانی رژێمی بەعس لەعیراق ئەنجامدرا بەئامانجی گۆڕینی سیستمی حكومڕانی و پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەر.
دوای پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی 2003، پۆڵ برێمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعیراق دەستبەكاربو كە لەمیانیدا بڕیاری قەدەغەكردنی پێدانی پۆستی بە ئەندامانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە دەركردو دواتریش سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانی سەردەمی سەدام حسێنی هەڵوەشاندەوە.
لەساڵی 2004دا ئەنجومەنی حوكم پێكهێنراو دواتر دەستوری نوێی عیراق بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان نوسرایەوە، لەساڵی 2005 دا رەشنوسی دەستوری عیراق خرایە راپرسییەوەو بە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان پەسەند كرا بۆ یەكەمجار لە مێژودا فیدڕاڵیەتی هەرێمی كوردستان لە دەستوری عیراقدا جێگیر كرا.
دوای پەسەندكردنی دەستوریش بڕیاردرا رۆژی 30-1-2005 یەكەم هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام بدرێت و لەو وادەیەدا لایەنە شیعەكان و كورد بەشدارییان كردو سوننەكان بایكۆتی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسیان كرد.
لەمیانی بەڕێوەچونی یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیدا زنجیرەیەك پەلاماری خۆكوژی لە ژمارەیەك ناوچە ئەنجامدرا، پەلامارەكان لەنزیك بنكەكانی دەنگدان لەبەغدای پایتەخت و ژمارەیەك ناوچەی عیراق ئەنجامدران لە ئاكامدا، 44 كەس كوژران.
لەمیانی نوسینەوەی دەستوری نوێی عیراقدا، كورد سێ مەرجی بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكاندا دانا كە بریتیبون لە (شەراكەت، هاوسەنگی و سازان) كە هەریەك لە شیعەو سوننە پێی رازیبون، لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا كورد و شیعە هەروەها سوننەو پێكهاتەكانی دیكە تیایدا بەشداربون، بەڵام بەردەوام لایەنە شیعەكان براوەی هەڵبژاردنەكان بون و حكومەتیان پێكهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای یەكەم هەڵبژاردن لەساڵی 2005 تاساڵی 2021، حكومەتە یەك لەدوایەكەكان بەسازان لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا پێكهێنراون لەسەر بنەمای نەریتێكی سیاسی لەعیراق كە بە پشكپشكێنە ناسراوە، پۆستی سەركۆمار بۆ كورد، سەرۆك وەزیران بۆ شیعەو سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە بوە.
دەنگدەرانی عیراق هەر چوار ساڵ جارێك بەئامانجی گۆڕینی حكومڕانی و كۆتایی هێنان بە نەهامەتییەكانیان دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام تائێستا هیچ كام لەوانەیان بۆ بەدینەهاتوە، جگە لەوەی هەر كەسێك هاتوەتە سەر دەسەڵات نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بكات و بەردەوام ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكەو جیهان بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەستیان لە هەڵبژاردنەكانی عیراقدا وەرداوە.
سەرچاوە: AA