نەوا-
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق پێشبینی دەكات ساڵی داهاتو كارەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ تەواو بێت و بەڕوی گەشتیاراندا بكرێتەوە.
مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاندوە، رێژەی تەواوبونی كارەكانی فڕۆكەخانەكە گەیشتۆتە 86% و پێشبینیش دەكرێت لەساڵی 2025دا بەڕوی گەشتیاراندا بكرێتەوە، ئەركەكانی فڕۆكەخانەكە سنوردارە خزمەتگوزاری پێویست بۆ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دابین دەكات، لەكاتێكدا وەرگرتن و زیادكردنی گەشتی فڕۆكەكان لەلایەن كۆمپانیاكانی تایبەت بە فڕۆكەوانی و گواستنەوەی ئاسمانییەوە ئەنجامدەدرێت.
پێشتر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ فڕۆكەخانەی موسڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران جەختی لە پێویستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە كە هەمو هەوڵێكیان بۆ ئاسانكاری تەواوكردنی قۆناغەكان و هەروەها پابەندبون بەو كاتانەی كە پێشتر بۆ تەواوكردنی كارەكانی فڕۆكەخانەكە دیاریكراون بدەن بۆئەوەی خێراتر پرۆسەكە ئەنجام بدرێت.