پزیشكێك: توشبونەوەی دووەمجار بە كۆرۆنا زۆر دەگمەنە لە جیهاندا و لە كوردستاندا تۆمارنەكراوە

25/10/2020

نەوا
پسپۆڕێكی نەشتەرگەریی لوت و قوڕگ و گوێ‌ دەڵێت "توشبونەوەی دووەمجار بە كۆرۆنا ئەگەرێكی زۆر كەمە و ژمارەكەی لە جیهاندا لە پەنجەكانی دەست زیاتر نییە".
پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە زاری دكتۆر سەروەر عارف پسپۆڕی نەشتەرگەریی لوت و قوڕگ و گوێ-وە بڵاویكردوەتەوە، هەرچەندە باس لە توشبونی دووەمجار بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت، بەڵام راستییەكان ئەوەیە ژمارەی توشبونی دووەمجار لە جیهاندا تەنها پێنج كەس تۆماركراون و ئەو ژمارەیەش كوردستان ناگرێتەوە.
رونیشیكردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت بەرگریی لەش بۆ نەخۆشی كۆرۆنا بەلایەنی كەم حەوت مانگ بێت و ئەگەر هاوشێوەی جۆرەكانی دیكەی ڤایرۆسی سارس بێت، ئەوا دوو بۆ سێ ساڵ بخایەنێت، ئەوەی لە كوردستان باس دەكرێت زیاتر حاڵەتێكە، كە تەنانەت تا دوای 10 هەفتە ئەگەری گەڕانەوەی هەندێ نیشانەكان هەن بەهۆكاری نادیار، لەوانەش هیلاكی زۆر، تێكەڵبونی زیاتر یان كەمی بەرگری، كە لە راستیدا ئەم حاڵەتە هۆكارەكەی رون نییە و پێی دەوترێت "توشبونی درەنگ"، كە هەر توشبونی یەكەمە.
ئەو پزیشكە تەئكیددەكاتەوە، دوای چاكبونەوەش لەوانەیە ڤایرۆسەكە لە پێكهاتەكانی جەستە لەوانەش خانەی دەمارەكان بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە تا شەش مانگیش، كە بەرگریی لەش ناتوانێت لەناویان ببات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group