تەنها داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەس نیە

مەعرووف مەجید

05/08/2024

ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە ئاڕاستەمان دەكرێن، بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوولەهەڵكشانە، بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەكان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێكی ڕەش شارەكانی داگیركردووە، بۆچی بۆنێكی ناخۆش پایتەخت و شارەكانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر.
دەمەوێ بتانگەڕێنمەوە بۆ چەند ساڵێك پێش ئێستا، ئەم ئامارانە هی ساڵی ۲۰۱٨یە، بزانە چی كراوە بەرامبەر ئەم گەلە بەشمەینەتە، بزانن ڕۆژانە چەندین پاڵاوگەی نایاسایی كاریان كردووە و بوونەتە هۆكاری شێواندنی ژینگەكەمان، ئاخۆ دوای چەندین ساڵ لە سەرپێچی و شێواندنی ژینگە، تازە موژدانە بە هاوڵاتیان دەدەن بڵێن پاڵاوگە نایاساییەكان دادەخەین، لە كاتێكدا هیچ ڕێكارێكی یاساییان بەرامبەر ئەنجام نەدرێت.
كێ لەبەرامبەر وێرانكردن و تێكدانی خاك و پیسكردنی هەواو مەترسی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و فڕێدانی هەزاران تەن پاشماوەی ئەم پاڵاوگانە بەرپرسیارە، هاوڵاتییەكی بەشمەینەت چی تاوانێكی هەیە لەبەر خاتری بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێكی چاوچنۆك تووشی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشی ترببێت. 
ئامارەكانی ساڵی ۲۰۱٨ پێمان دەڵێن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٤۱ پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین.
نزیكەی ۱۰۰ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی ٤۰ پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین.
پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە ۳۰۰ پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت.
دوای زیاد لەشەش ساڵ لەو بەروارە ئەمڕۆ هەواڵی داخستنی ۱۳٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاو دەبێتەوە كە بەپێی زانیارییەكان ئەو بڕیارە لە ٨/۲/۲۰۲۱ دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆكاری جێبەجێنەكردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چیە، كێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەكانی تری سلێمانی و دهۆك داخراون یا ئەوانیش ماون...

من دەمەوێ بپرسم، یاسای ژمارە هەشتی ژینگەی هەرێمی كوردستان، دەڵێ تەنها دایانبخەن و بڕۆنە ماڵەوە، یاخود دەڵێ هەر كەسێ دەبێتە هۆی شێواندن و پیسكردنی ژینگە دەبێ سزابدرێت.
ئایا ئەگەر هاوڵاتییەك سەرپێچییەك، نایاساییەك بەرامبەر ژینگە بكات، لیژنەكانتان دەچنە سەری و پێی دەڵێن كاكە بڕۆ ماڵەوە و تەواو، یاخود بۆ كەمترین سەرپێچی زۆرترین گرفت و سزای بۆ درووست دەكەن.
من لێرەوە داوا لە دەستەی ژینگە دەكەم، چەند ساڵە ئەو پاڵاوگانە نایاسایین بۆ نایاندەن بە دادگا پێشنیار دەكەم بە پێی یاسا سزایەكی باشی مادییان بدەن و پارەكەی نەدەن بە حكومەت ڕاستەوخۆ خۆتان بیكەنە ناو ئەو سندووقە ژینگەیەی بۆتە سەرچاوەی كۆكردنەوەی پارە بۆ حكومەت و ناشیرینكردنی ژینگە لای هاوڵاتیان.
ئەو پاڵاوگانە پێچەوانەی سەرجەم مادەكانی(۲۲،۲٥،۲٦،۲٨،۲۹،۳۱،) لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە، ژمارە ٨ی ساڵی ۲۰۰٨ی هەرێمی كوردستان، بەپێی مادەی (،٤۲،٤۳،٤۱)ی ئەو یاسایە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان سزاكان دەیانگرێتەوە، كە لە ۱۰ ملیۆن دینار تا ۲۰۰ ملیۆن دینار كۆتایی دێت و زیندانی كردنیش دەیانگرێتەوە.
هەر بۆ زانیاریتان، ئەم ئامارە هی ساڵی ۲۰۱٨یە، ساڵانە بایی ۱٥ ملیار دینار فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی خراپەوە لە هەرسێ پارێزگاكە تێكدەچن.
كێشەكە لەوەدایە، ئەم پاڵاوگانە هی كەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر ڕاست دەكەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەكان با خەڵكی بزانن ئەمانە هۆكاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەكی باش سزایان بدەن.

*سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە راو بۆچونی خاوەنەكەی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group