كۆمێنتی رۆژ

هۆشیار عەبدوڵڵا

28/07/2024

سەبارەت بە تیرۆركردنی هاوڵاتیەكی خێر لە خۆ نەدیوی سلێمانی، شەهید ئاری رزگاری چایچی لە گەڕەكی ڕاپەرینی سلێمانی. 
خەریكە كوشتن و تیرۆر لە سنوری سلێمانیدا بە تەواوی دەبێتە دیاردە، ئەوەی وایكردوە كە هێندە بێ باكانە مامەڵە لەگەڵ ژیان و رۆحی مرۆڤی ئەم هەرێمە و ئەم شارەوە بكرێ تەنها دیوێكی ستەمكاری و بەدكاری و زوڵم و زۆری دەسەڵاتە، كە بێ هیچ چەند و چونێك حزبی دەسەڵاتداری ئەم شارە تەحەمولی دەكات، دیوەكەی تری نەبونی میدیایەكی كاریگەرە كە بەهای مرۆڤ لەسەروی هەموو بەهایەكی ترەوە بزانێ، میدیایەك كە رایگشتی دروست بكات، رای گشتییەك لە دەسەڵات سڵی لێ بكاتەوە ، هەروەها نەبونی هێزگەلی جدی ئۆپۆزسیۆنیشە كە لە كوشت و بڕی هاوڵاتیان بێدەنگ نەبێت، بێدەنگ نەبوون بەمانای بونیی هەڵوێستی سیاسی جدی نەك تەنها كاری میدیایی؟!
دیقەت بدەن؛ ئەمشەو بە نا مرۆڤانەترین شێوە كاسبكارێك كوژراوە، كە چاو بە میدیاكاندا دەخشێنی وەك هەواڵێكی راگوزەر سەیری دەكەن، تا نوسینی ئەم دێرانەش یەك بەیاننامەی ئۆپۆزسیۆن یان حزب و لایەنە سیاسیەكانم نەبینیوە كە ئیدانەی بكەن و بچنە پاڵ ئەو مافە و دژی ئەم ستەمە بوەستنەوە، بە عەكسەوە خەریكی وەبەرهێنانی سیاسین لەو روداوانە؟! ئەم بێدەنگییە بۆ؟!
جیاوازی نێوان كوشتن و تیرۆركردنی كاسبكارێك و رۆژنامەوانێك چییە؟! جیاوازی ژیان لێ سەندنەوەی نێوان چایچیەك و بازرگانێك چییە؟! ئەم هەموو بێ هەڵوێستییە بۆ؟!
لەم دوبارەبونەوەی تیرۆرو كوشتنانە كوا رۆڵی یاسا؟! داواكاریی گشتی لە كوێییە؟! 
بەراست كێ حاكمی یەكەمی ئەم شارەیە؟! سلێمانی پارێزگاری هەیە؟! دەسەڵاتداتەكەی هێزە ئەمنیەكانن یان حكومەت؟! لەم شارەدا چەك حوكم دەكات یان یاسا؟! 
مەگەر خوا نافەرموێ كوشتنی مرۆڤێكی بێ تاوان وەك كوشتنی هەموو خەڵك وایە؟! كوا قسەی زانایانی ئاینی؟! كوا قسەی ئەو حزبە ئیسلامیانەی هەریەكەیان خۆیان وەك نوێنەری تاك و تەنهای ئیسلام دەخەنە ڕوو؟! 
بۆ ئەوەی قوڵ هەست بەو برین و ئازە بكەین هەر دەبێ لە خۆمان لە خێزان و خانەوادە و نزیكەكانی خۆمان روبدات ئەوسا بێینە جواب؟! ئەمڕۆ چایچیەكە كە ناوی ئارییە و كوڕی كاك ڕزگارە بۆتە قوربانی، سبەی كوڕەكەی من و كوڕەی تۆ و كوڕەكەی ئێوەیە! ئەم بێدەنگییە لە هەموو جێگایەك بوەشێتەوە لە سلێمانی و مێژوی سلێمانی ناوەشێتەوە. 

هەر وتارێك كە بڵاودەكرێتەوە گوزارشتە لە راو بۆچونی نوسەرەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group