نەوا-
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، دەیانەوێت هاوكاری كوردانی سوریا بكەن كە داواكاریەكانیان لۆژیكی بێت و لەچوارچێوەی سوریاداو لەگەڵ مافی زمان و ناسنامەو كەلتور بگونجێت.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق - سلێمانی، ڕایگەیاند، ئەو ڕێكەوتنەی كە كرا لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە پاڵپشتی دۆستەكانیان لە ئەمریكا و هاوپەیمانان و پاڵپشتی ئێمەش، ئەوە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بو لە پێناو ئەوەی كە كورد لە سوریا ڕۆڵێكیان هەبێت لە كێشانی نەخشەی ئایندەی سوریا، وتیشی، سوریا لە 8ی 12ی 2024 ڕوبەڕوی بولەرزەیەك بوەوە و وڵاتانی دەوروبەری سوریا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەكەونە ژێر كاریگەری ئەو گۆڕانكاریە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دەتوانین هاوكاری برایانی كورد بكەین لە سوریا لە ڕێگەی ئەو ئەزمونە نوێیەی هەمانەن، هاوكێشە سادەكە ئەوەیە كە كوردانی سوریا یەكبگرن، ئەمە خاڵی سەرەتایە، هەروەكو ئێمە یەكبگرن، هەرچەندە خاڵی ناكۆك هەبو هەرچەندە شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان هەبو، بەڵام دواتر ریزەكانمان یەكخست و چوینە بەغداو لەگەڵ هەمو هێزە نیشتیمانپەروەرە عێراقییەكان كاریان كرد بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە ڕێكبخەین.
هۆشیار زێباری ڕونیشیكردەوە، دەسەڵاتی نوێی سوریا گەرچی هەنگاوی ناوە بەڵام هێشتا سەقامگیر نیە و هێشتا گومان هەیە.