نەوا-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هیچ گرفتێك لەبەردەم مووچەی ئەم مانگە و مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمدا نەماوە.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا ڕاگەیاند، لەماوەكانی ڕابردوودا بەشێكی زۆری گرفتە سیاسییەكان چارەسەركراون و ئێستا هیچ گرفتێك لەبەردەم مووچەی ئەم مانگە و مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمدا نەماوە.
باسی لەوەشكرد، دەبێت حكومەتی عێراق پارەی پێویستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، لەبەرامبەریشدا دەبێت داتای لیستی مووچە، كە هەرێم بۆ بەغدادی دەنێرێت راست و دروست بێت و هاوكات میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆش بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونیشیكردەوە، هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو لەدوای 18 ی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق دەستدەكات بە تەمویلكردنی پارەی وەزارەتەكان بۆ دابەشكردنی مووچە، بۆیە دەبێت تا كۆتایی ئەم مانگە دەستبكرێت بە ناردنی پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.