نەوا-
كەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە و بارینی بەفر لە لوتكەی شاخە بەرزەكان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە كەش هەورو باراناوی دەبێت لەسەرجەم ناوچەكەمان هەندێك كات لێزمە باران و ئەگەری هەورە تریشقە و بارینی بەفر لەسەر لوتكەی شاخەبەرزە سنورییەكان، لەكاتەكانی ئێوارەدا و لەشەودا كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت.
باسی لەوەشكرد، پلەكانی گەرما 5-7 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارەكانی دوێنێ نزمدەبنەوە، مەودای بینین لەنێوان 6 – 8 كیلۆمەتر دەبێت، لەكات و شوێنی دابارین لەنێوان 3-4 كیلۆمەتر دەبێت.
كەشناسی ئاكراشیكردوە، سبەی چوارشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەگشتی، ئەگەری نمە بارانی كەم لەسەر هەندێك ناوچەی شاخاوی هەیە، پلەكانی گەرماش بەڕێژەی 2-3 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ نزمتر دەبنەوە.