نەوا-
سەرۆكی هاوپەیمانیی رەوتی حیكمەی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، كارەساتی هەڵەبجە وەك برینێكی ساڕێژنەبوو دەمێنێتەوە كە لە ناخی هەموو ویژدانە زیندووەكاندا خوێنی لێ دەچۆڕێت.
عەممار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانیی رەوتی حیكمەی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، لە یادی بەئازاری 37 ساڵەی بۆردوومانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆرەوە بە چەكی كیمیایی قەدەخەكراوی نێودەوڵەتی، هەڵەبجەی شەهید وەك برینێكی ساڕێژنەبوو دەمێنێتەوە كە لە دڵماندا خوێنی لێ دەچۆڕێت و ویژدانمان و هەموو ویژدانە زیندووەكانی جیهان دەخاتە ئازارەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێك یادی ئەو كارەساتە دەكەینەوە، دروود دەنێرین بۆ گیانی قوربانییەكانی و هیوای چاكبوونەوە بۆ رزگاربووانی دەخوازین.
عەممار حەكیم دەڵێت: هەڵەبجە سیمبوولێكی گرنگە بۆ عێراقییەكان، بەهۆی ئەو تاوانە قێزەونەی بەرامبەر خەڵكی ئەو شارە كرا، باشترین رێزلێنان لە هەڵەبجە ئەوەیە وەك پارێزگایەكی نوێی عێراق بناسرێت، ئەوەش دەرفەتی كار و توانای ئابووری و نوێنەرایەتی سیاسیی فراوانتر لە بڕیاری عێراقیدا دەڕەخسێنێت.