نەوا-
سودانی رایدەگەیەنێت: بۆ بەشداریكردن لە پاڵپشتیكردنی سوریا و ئاوەدانكردنەوە بەغداد ئامادەی هەمو هاوكارییەكە.
محەمەد شەیاع سودانی سەرۆكی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا كرد و لە دیدارەكەدا جەختی لەسەر هەڵوێستی ڕون و پتەوی عێراق بەرامبەر بەڕێزگرتن لەهەڵبژاردنەكانی گەلی سوریا، بەهەمو پێكهاتەكانییەوە كردەوە، هەروەها راشیگەیاندوە: سەقامگیری سوریا رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەبێت.
نوسینگەی سودانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی بەردەوامی ڕاوێژی سیاسی و ئەمنی نێوان هەردو وڵات كردەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سودانی، سەرۆك وەزیران باسی لەوەكردوەكە، گرنگە پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر لە سوریا بەڕێوەبچێت كە پارێزگاری لە فرەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتیی بكات هەروەها رێز لە بیروباوەڕ و پیرۆزیی هەموو چین و توێژەكانی گەلی سوریا بگیرێت.