نەوا-
لە قەزای دوكان 37 هەمین ساڵیادی ئەنفالی دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری كرایەوە كە بە یەكەمین قۆناغی پرۆسەی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعسی هەڵوەشاوەوە دادەنرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، رۆژی 22/2 لە مۆنۆمێنتی دوكان بە ئامادەبونی كەسوكاری شەهیدان و دانیشتوانی ناوچەكە رێوڕەسمی 37 هەمین ساڵیادی یەكەمین قۆناغی پرۆسەی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی كرایەوە كە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار كەسی مەدەنی بوەتە قوربانی سیاسەتەكانی رژێمی بەعس و زیاتر لە چوار هەزارو 500 گوند وێرانكراون.
راشیگەیاندوە، لەو ساڵیادەدا بەهاوكاری قائیمقامیەتی دوكان یادێكی پڕ شكۆ ئەنجامدرا سەرجەم ئامادەبوان تاجەگوڵینەی وەفایان لەسەر گڵكۆی شەهیدان دانا كە لەناویاندا بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی هەبون و بەناوی وەزارەتی شەهیدانەوە بەشداریان لە رێوڕەسمەكەدا كردوە.
لەساڵی 1988 حكومەتی بەعس پرۆسەی ئەنفالی دژ بە گەلی كورد بە 8 قۆناغ جێبەجێكرد قۆناغی یەكەمیشی لە دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری بو.