نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هیوادارین شاندی ئیمراڵی پەیامی ئاشتی پێبێت.
لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایش لە میونخ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپرێس كۆنفرانسێكدا لەبارەی سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شاندەكە بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـەوە هاتون بۆ هەولێرو لەوێشەوە دەچن بۆ سلێمانی.
وتیشی: شاندی ئیمراڵی دەبینم و ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین بزانین پەیامەكەیان چ پەیامێكە، هەروەها چاوەڕوانین پەیامی ئاشتی و سەقامگیری بێت بۆ توركیاو زیاتر پەیامەكەش بۆ پەكەكە دەبێت، هیوادارین گوێبیستی پەیامی ئاشتی بین لەلایەن ئۆجەلانەوەو پەكەكەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی ئۆجەلان بكات.
نێچیرڤان ئەی
لەبەشێكی تری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا لەبارەی رۆژئاوای كوردستان سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی: ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت جێی دڵخۆشی هەمو لایەكە، چونكە رژێمی ستەمكار لە دەسەڵات نەماوە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لەسەر حوكمە هیوادارین هەمو پێكهاتەكانی سوریا لەداهاتوی وڵاتەكەدا بەشداری پێبكات، ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە ئێمە تەمەننای سەقامگیری دەكەین بۆ سوریا، چونكە ئەو گەلە شایستەی ژیانێكی باشترە زۆر زیانیان بەركەوتوە.
وتیشی، ئێمە هیوادارین ئیدارەی ئەحمەد شەرع بتوانێت فاكتەرێك بێت بۆ سەقامیگری و ئەو وڵاتە لە نەهامەتی رزگار بكات، ئێمە بە كوردەكانمان وتوە دەبێت بە یەكگرتویی بچن بۆ دیمەشق ئەزمونی ئێمە دوای 2003 زۆر سەركەوتو بو خۆتان بەخاوەنی سوریای نوێ بزانن، هەروەها پێمانوتون بەزوترینكات لە پرۆسەی سیاسی سوریا بەشداری بكەن.