نەوا-
پەرلەمانتارێكی عیراق دەڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بزانن چیتر پاساو نەماوە بۆ دواخستنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.
نەهلە ئەفەندی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردوەتەوە، ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە حكومەت پێكنەهێنراوە بۆیە پێویستە زو پێكبێت و چیتر پاساو نەماوە بۆ دواخستنی، ئەوانەی لە هەڵبژاردن بردویانەتەوە دەبێ بزانن كە خەڵكی كوردستان خواستی ئەوەی هەیە حكومەت تازە بكرێتەوە.
نەهلە ئەفەندی وتوشیەتی: پێویستە هەموو لایەنەكان بەكردەیی ئەنجامی هەڵبژاردن قەبوڵ بكەن، چونكە هەم یاساكەو هەمیش لایەنی سەرپەرشتیارو تۆماری دەنگدەران لەسەر داواكاری ئەوان بو، بۆیە دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنیش قەبوڵ بكەن و واز لە هەوڵدان بۆ پشێوی و نانەوەی ئاژاوە بهێنن، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە با بە بوێرییەەوە بە بەغدا بڵێن دان بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەدا نانێین سەرپەرشتیتان كردوە لەكاتێكدا هەموان دەزانن ئەوەیان بۆ ناكرێت و هیچ هۆكارێكیشیان نییە بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكەی.
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق دەشڵێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا پشتیوان و هاوكار دەبێت بەزویی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت بۆیە هەر هەوڵێك بۆ دواخستن و پشتگوێخستنی پێكهێنانی حكومەت لەقازانجی هیچ لایەنێكدا نییە.