نەوا-
سەربازانی ئیسرائیل لە رێڕەوی جیاكەرەوەی غەزە بۆ دوبەش كشاونەتەوەو پلانەكانی دوای ئاگربەست بەرە بەرە جێبەجێ دەكرێت.
ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویكردوەتەوە، سەربازانی ئیسرائیل لە رێڕەوی نێتزەریم كشاونەتەوە كە ناوچەیەكی سەربازییەو باكوری كەرتی غەزە لە باشور جیادەكاتەوە، بەوهۆیەوە سەدان فەلەستینی بە ئۆتۆمبێل و لەسەر عەرەبانە كەلوپەلەكانیان دەگوازنەوە بۆ باكوری ناوچەكەیان.
ئەوەش خراوەتەڕو، كشانەوەی هێزی ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ رێككەوتننامەی ئاگربەستی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەمماس كە بەپێی رێككەوتنەكە تائێستا 21 بارمتەی ئیسرائیلی و 566 زیندانی فەلەستینی ئازاد كراون و هەواڵی ئەوەش هەیە كە پلانی ئازادكردنی بارمتەی دیكەش هاتۆتە پێشەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەزە، لانیكەم 48 هەزارو 189 فەلەستینی لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا تاوەكو ئێستا كوژراون، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانیش رایدەگەیەنێت نزیكەی دوو لەسەر سێی باڵەخانەكانی غەزە بەهۆی هێرشەكانەوە وێرانبون.