نەوا-
بەبۆنەی دەستپێكردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق وتارێكی پێشكەشكرد.
لە بەشێكی وتەكەیدا سودانی رایگەیاند، دەستپێكردنی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان هەنگاوێكی گرنگ و شارستانی و گەشەپێدانە، دوای 37 ساڵ لەئەنجامدانی دوایین سەرژمێری كە لەساڵی 1987 ئەنجامدراو ساڵی 1997 كە هەرێمی كوردستانی عیراقی نەگرتەوە، دەست دەكەین بە جێبەجێكردنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ تەواوكردنی ئەولەویەتەكانی بەرنامەی حكومەت و دەستەبەركردنی مافەكانی هاوڵاتیان بۆ خزمەتگوزاری گشتی.
وتوشیەتی: سەرژمێری بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەشەسەندنی ئابوری و كۆمەڵایەتییە، بەپێی دیدگایەكی زانستی سەردەمیانە ئەنجامی دەدەین، هەروەها بۆ پڕكردنەوەی كەلێنەكانی زانیارییە لە كاری خزمەتگوزاری و پلاندانان و بڕیاردانی نیشتمانیدا، بڕیاری ئەنجامدانی سەرژمێریماندا لەبەرئەوەی متمانەمان بە تواناكانی دەزگا حكومییەكانمان هەیە.