هەشت ساڵە عیراقیەكان لە پێشەنگی گەشتیارانی ئێرانن

27/07/2024 عێراق

نەوا-
تۆمارەكانی ناوەندی ئاماری ئێران كە بڵاوی كردووەتەوە، هەشت ساڵە عیراقیەكان لە پێشەنگی گەشتیارانی دەرەكی ئێرانن و بە پێچەوانەشەوە ئەورووپایەكان كەمترین ژمارەی گەشتیاریان بۆ ئێران هەیە. 
هەر بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو ناوەندەی ئێران، لە ساڵی 2017 تاوەكوو ساڵی2023 زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی چوونەتە ئێران، هاووڵاتیانی عیراقی بوون،تەنیا لە ساڵی 2023 لە كۆی 6 ملیۆن گەشتیاری بیانیی دوو ملیۆن و 700 هەزاریان عێراقی، ملیۆنێك و 300 هەزار ئەفغانی و 800 هەزاریان لە توركیاوە بوون.
لەم بارەوە، وەلی تەیمووری جێگری پێشووی وەزیری گەشتوگوزاری ئێران رایگەیاندووە، جووڵەی گەشتیاری لەسەر بنەمای پەیوەندیی فەرهەنگی و دیپلۆماتیی دروست دەبێت، ئێرانیش پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ عیراق هەیە لەڕووی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەوە، ئەمەش بۆتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی گەشتیاریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا. 
ئەوەش ئاشكراكراوە، لە ڕووی خەرج كردنەوە، گەشتیارانی عیراقی بەراورد بە گەشتیارانی ئەورووپایی كەمترین خەرجی دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group