كۆشكی سپی: كشانەوەی بایدن پەیوەندی بە بارودۆخی تەندروستییەوە نەبوە

22/07/2024 جیهان

نەوا-
بەرپرسێكی كۆشكی سپی رایگەیاند، كشانەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكان پەیوەندی بە بارودۆخی تەندروستییەوە نەبوەو نەخۆش نەبوە، تەنانەت لە مانگی (شوبات)یشەوە هیچ پشكنینێكی تایبەتی بۆ نەكراوە.
گەورە بەرپرسێكی كۆشكی سپی كە نەیوستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی CNNـی ئەمریكی ئاماژەی بەوەداوە، بڕیاری كشانەوەی جۆ بایدن هیچ پەیوەندییەكەی بە نەخۆشییەوە نەبوە، لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیشدا پشكنینێكی هێندە گرنگی بۆ نەكراوە جگە لە پشكنینە رۆژانەكانی، تەنها ئەوە نەبێت لەم چەند رۆژەی دواییدا پزیشكەكەی رایگەیاندوە كە بایدن توشی كۆرۆنا بوە.
باسی لەوەشكردوە، لە هەفتەی رابردوشدا بایدن ئاماژەی بەوەداوە تەنها كارێك كە وای لێدەكات چاوێك بە بڕیاری خۆكاندیدكردنەكەیدا بۆ خولی دوەم بخشێنێتەوە، ئەوەیە كە توشی نەخۆشیەكی نوێ ببێت لەگەڵ زیادبونی فشاری گشتی كە داوایان دەكرد بكشێتەوە.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاو كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دوای فشاری ئەندامانی پارتەكەی كشانەوەی خۆی لە كێبڕكێی دۆناڵد ترەمپی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكان راگەیاند، پشتیوانی خۆیشی بۆ كامالا هاریس دەربڕی كە ئێستا جێگری سەرۆكی ئەمریكایە بۆئەوەی ببێتە كاندیدی نوێی دیموكراتەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group