نەوا-
بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی پێوانەیی و وشكەساڵی و كەمی ئاو و باران و بەرزبونەوەی ئاستی دەریاكان لە ئەنجامی توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرییەكان، ترسەكان زیادیانكردوە.
بەپێی ئامارەكانی بانكی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2050 ژمارەی كۆچبەرانی كەشوهەوا بگاتە 216 ملیۆن كەس، چونكە تەواوی خێزانەكان ناچاردەبن لە چوارچێوەی وڵاتەكانیان كۆچ بكەن، بەتایبەتی لە ئەفریقاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان پێشبینی دەكات كە لەسەدا 90ی پەنابەرانی جیهان لەو ناوچانەوە دێن كە بەرەوڕوی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەبنەوە.
سەردەمی كۆچی كەشوهەوا
رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردودا هۆشداریدا كە جیهان بە فەرمی چوەتە سەردەمی كۆچی كەشوهەوا، داوای چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر جوڵەی دانیشتوان كرد.
گومانی تێدا نییە كە پەرەسەندنی دیاردەی كۆچی ناوخۆیی و دەرەكی یەكێكە لە مەترسیدارترین كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، بەو پێیەی دانیشتوان لە زۆرێك لە وڵاتان و ناوچەكان بەهۆی وەرزی وشكەساڵی یەك لە دوای یەك، فراوانبوونی بیابانبوون، ناچارن هەڵبێن، نەمانی بەرهەمی كشتوكاڵی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراك بۆیان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا لە شارە كەنارییەكان، و زیادبوونی زریانی تۆز.
پێشبینییە زانستییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژمارەی كۆچبەرانی كەشوهەوا لە یەك ملیار و نیو زیاتر دەبێت، تەنها لە ماوەی چەند دەیەی داهاتوودا، ئەمەش مەترسی بابەتەكە و ئەو هەڕەشانە ئاشكرا دەكات كە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان لەسەر ئاستی جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بە گشتی، و لەسەر ئاستی ناوچەیی و كیشوەری.
ئامادەكردنی/ رێكخراوی ئاییندی بۆ پاراستنی ژینگە